مەسەدۆنیای باکوور..لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە یانە شەوانەکان دەیان کەس بوونەتە قوربانی

وەزیری ناوخۆی مەسەدۆنیای باکوور ڕایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی یاری ئاگرینەوە لە یەکێک لە کۆنسێرتەکان، بنمیچی یانەکە گڕی گرتووە و زیاتر لە 200 کەس بوونەتە قوربانی.

یەکشەممە، 16ی ئاداری 2025، پانچە تۆشکۆڤسکی، وەزیری ناوخۆی مەسەدۆنیای باکوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە درەنگانی شەوی ڕابردووە ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی مەسەدۆنیای باکوور کەوتووەتەوە، لە ئەنجامدا 55 کەس گیانیان سپاردووە و زیاتر لە 155 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

بەگوێرەی گوتەکانی تۆشکۆڤسکی، ئاگرەکە لە نزیکەی کاتژمێر 2:35 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کۆنسێرتێکی گرووپێکی پۆپی ناوخۆیی بەربووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانە لە یانەکەدا بوون، یاری ئاگرینیان بەکارهێناوە کە بووەتە هۆی ئەوەی بنمیچەکە ئاگر بگرێت.

هاوکات وەزیری ناوخۆی مەسەدۆنیای باکوور لە ئێکس نووسیویەتی: بۆ مەسەدۆنییەکان ئەمڕۆ ڕۆژێکی سەخت و خەمبارە، لەدەستدانی ژیانی ئەو هەموو گەنجە قەرەبوو ناکرێتەوە.

تۆشکۆڤسکی گوتیشی: بەهۆی ڕووداوەکەوە پۆلیس کەسێکی دەستگیر کردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ زانیاریکی دیکە بدات.

ئاماژەشی داوە، حکوومەت و هەووڵاتییانی مەسەدۆنیای باکوور هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی لانیکەم کەمێک لە ئازارەکانی خێزان و دۆستی قوربانییەکان کەم بکەنەوە.

لەو گرەتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر گەنج لە نێو دووکەڵێکی چڕدا هەوڵ دەدەن لە یانەکە دەرچن و هاوکات ئەندامانی کۆنسێرتەکە داوا لە خەڵک دەکەن خۆیان ڕزگار بکەن.