سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی یەکێتی جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە زووترین کاتدا دەکەنەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 3/16 ,  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد . 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا .

هەردوولا کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا. 

دوای کۆبوونەوەکە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە .

لەم بارەیەوە سەرۆکی یەکێتی گوتی “ کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو ، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت ڕێککەوتووین . کۆبوونەوەکانیشمان بەردەوام دەبێت و ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە لە زووترین کاتدا،  حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان”.

سەرۆکی حکومەتیش لە لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە “ئەوە دووجارە کۆبوونەوەی باش و ئەرێنیمان بۆ لەیەک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی. پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتنی زۆر باش لە سەر ئەو بابەتانە هەبووە و ئومێدەوارم ، تیمەکانیش بتوانن هەر بەو ڕوحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دڵیان خۆش بێت بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی نێوانمان”.