ویتکۆف: کۆبوونەوەم لەگەڵ پوتین ئەرێنی و بەرهەمدار بوو

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەون.

یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی 'سی ئێن ئێن'، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بووە.

هاوکات پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەون. دەشڵێت: بەر لەوەی سەردانی ڕووسیا بکەم، مۆسکۆ و کێیڤ، بۆچوونیان لەبارەی زۆرینەی پرسەکان بە تایبەتی ئاگربەست لە یەکدییەوە زۆر دوور بوو، بەڵام دوای سەردانەکەم ئێستا بۆچوونیان لەیەکترەوە نزیکە.

باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەرکردنی سەرجەم بڕیار و پشنیازە گرنگەکانی تایبەت بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ بەشدارە.

بە گەشبینییەوە باسی لە نزیکبوونەوەی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد و گوتی: ئێمە ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیامان نەهێشتووە و هەردوو وڵاتمان لەسەر یەک مێز کۆکردووەتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەی پوتین و ترەمپەوە دەڵێت: پێشبینی دەکەم ئەم هەفتەیە هەردوولایان بە تەلەفۆن قسە بکەن و دوایین و پێشهات و پرسی ڕاگەیاندنی ئاگربەست تاوتوێ بکەن.

گوتیشی: تیمە دانووستانکارەکانمان لەم هەفتەیە، لەگەڵ ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان کۆدەبنەوە، جەختی لەوەش کردەوە، "پوتین فەلسەفەی ترەمپ لەبارەی کۆتاییهێنان بە ململانێکان قبووڵ دەکات".

کۆبوونەوەی شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە سعوودییە

ڕۆژی سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەش ئاماژەیان بەوە دا، کە کێیڤ بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگربەستەکە دەتوانرێت بە ڕەزامەندیی هەردوولا درێژبکرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لەلایەن رووسیاشەوە قبووڵ بکرێت، هەروەها ئەەمریکا پەیوەندی بە مۆسکۆ دەکات بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە ئاگربەستەکە.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دەبێت ڕووسیا بڕیار بدات کە ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا قبووڵ دەکات یان نا، لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی بۆ دانووستان دەربڕیوە.

ڕوبیۆ، باسی لەوە کرد، ئێستا ئەم پێشنیازەی ئەمڕۆ دەبەینە بەردەم ڕووسەکان و هیوادارین بە ئاشتی ڕازی بن.

هەروەها مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تۆپەکە ئێستا لە یاریگەی ڕووسیا دایە و لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی لەبارەی پێشنیازەکە قسە دەکات.

ترەمپ: هیوادارم ڕووسیاش بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: دەمەوێت بە زووترین کات جەنگ لە ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت و هیوادارم ڕووسیاش بە پێشنیازی ئاگربەست ڕازی بێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕووسیا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یان سبەی لەگەڵ ڕووسیا کۆدەبمەوە و لەگەڵ پوتینیش قسە دەکەم. هەروەها ئامادەم جارێکی دیکە زێلێنسکی بانگهێشتی ئەمەریکا بکەم و لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێبکەم.

پوتین: پشتگیریی لە پێشنیازیی ئاگربەستی 30 ڕۆژە دەکەم

پێنجشه‌ممه‌، 13ـی ئاداری 2025، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا ڕاگه‌یاند، پشتگیریی له‌ پێشنیازیی ئاگربه‌ستی سی ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ده‌كات، به‌ڵام هێشتا ناكۆكی و جیاوازی ورد له‌م باره‌وه‌ هه‌یه‌ و پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئۆكرانیا ئه‌و ماوه‌یه‌ چۆن وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌كات و ده‌یقۆسێته‌وه‌.

ڤلادیمێر پوتین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌باره‌ت به‌م پێشنیازه‌ قسه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات. گوتیشی، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ هاوبه‌شه‌ ڕۆژئاواییه‌كان بۆ ناو ئه‌و پرۆسانه‌، سوودی گشتیی ده‌بێت.

پوتین جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ واشنتن ڕێك بكه‌ون، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ غازی ڕووسیی جارێكی دیكه‌ هاورده‌ی ئه‌ورووپا ده‌كرێته‌وه‌.

زێلێنسکی تیمێکی دانووستانکار بۆ پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە پێک هێنا

شەممە 15ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی وڵاتەکە تیمێکی بۆ نوێنەرایتییکردنی کێیڤ لە دانووستانی پرۆسەی ئاشتیی وڵاتەکە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا پێک هێنا.

هاوکات زێلێنسکی، ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی بە سەرۆکی تیمە دانووستانکارەکە دەستنیشان کرد، هەروەها هەر یەکە لە ڕۆستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی و ئەندرییە سیبا، وەزیری دەرەوە، باڤلۆ بالیسا، جێگری نووسینگەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، وەک ئەندامی تیمەکە دەستنیشان کران.