کۆنفرانسی هاوکاریکردنی سووریا لە برۆکسل بەرێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئاداری 2025، نۆیەمین کۆنفرانسی برۆکسل تایبەت بە هاوکاریکردنی سووریا بەڕێوە دەچێت  کە حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ یەکەمجار بەشداریی بکات.

کۆنفرانسەکە، یەکەمجار ساڵی 2017 لەلایەن یەکیتیی ئەورووپا لە برۆکسل بەستراوە، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، بۆ یەکەم جارە نوێنەرێکی حکوومەتی سووریا بەشداریی تێدا بکات.

دوای ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت کۆنفرانسەکە بە سەرەتاییەکی نوێ دەست پێ بکات، سەرەڕای ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکی عەلەوییەکان لە  هەفتەی ڕابردوو.

بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل ڕایگەیاند "ئەمڕۆ کاتژمێر شەش بە کاتی کوردستان، ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دەگاتە برۆکسل بۆ ئەوەی بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا بکات.

لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل، 27 وڵات بەشدار دەبن و کار لەسەر کۆکردنەوە هاوکارییەکان بۆ بنیادنانەوەی سووریا دەکەن.

هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بنیادنانەوی سووریا 50 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی ئابووری وڵات بگەشێتەوە.

لە کۆنفرانسی ساڵی ڕابردوو، بەڵێن درا بە گوژمەی 8 ملیار و 100 ملیۆن هاوکاری بۆ سووریا دابین بکەن، بەڵام تەنیا دوو ملیار و 12 ملیۆن دۆلاریان بەخشی.

هەروەها نزیکەی 16 ملیۆن و 500 هەزار کەس پێوستی بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، هاوکات 12 ملیۆن و 200 هەزار کەس پێویستیان بە خواردن و پێداویستییەکانی دیکە هەیە.

کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیاند، دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە نێو دەستوردا هەبن و بەشداری حکوومەتی داهاتووی سووریا بکەن.

لەبارەی بەشداری پێنەکردنی کورد لە دەستوری ڕاگەیاندراوی سووریا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ڕاگەیاند، بەر لە گەیشتنی وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی خۆیاندا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سووریا لەبارەی دیموکراسی و فرە پێکهاتەی و مافەکانی مرۆڤ و ئەو ڕووداوەنەی ئەم دوایانە دەکەن.

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و نەمساش نیگەرانیی خۆیان لە بەشدارینەکردنی کورد لە دەستورەکەدا ڕاگەیاند و جەختیان  کردەوە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە نێو دەستوردا هەبن و بەشداری حکوومەتی داهاتووی سووریا بکەن.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیاند، سووریا لە بارودۆخی ئاڵنگاریدایە، پێویستی بە یارمەتی هەیە، ئەو ڕووداوە کارەساتبارانەی ئەم دوایانەش بەڵگەن لەسەر ئەوە.

هەروەها ئاماژەش یدا، سەرەرای ئاڵنگارییەکان، هیواییەک بۆ داهاتووی سووریا هەیە، ڕێککەوتنامەی ئەم دوایانەی مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بە نموونە دەهێنێتەوە. 

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوکاریی سووریا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، دوو لایەن لە خۆ دەگرێت ئەوانیش هاوکاری مرۆیی و بنیادنانەوەی سووریا.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ڕاگەیاند، هاوکاریی سووریا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، دوو لایەن لە خۆ دەگرێت ئەوانیش لایەنی هاوکاری مرۆیی و بنیادنانەوەی سووریا، سەبارەت بە پێدانی هاوکارییە مرۆییەکان بە سووریا لەلایەن یەکیتیی ئەورووپا بۆ پەنابەرنا سووری و وڵاتانی دەوروبەر، سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدیش هەبووە، ئەو پەیوەست نییە بە پابەندبوونی سووریا بە مەرجەکانی ئەورووپا.

هەروەها گوتیشی: یەکیتیی ئەورووپاش لە پاڵ ئەمەریکا، گەورەترین پاڵپشتیی دارایی بۆ سووریا دابین کردووە، بە شێوەیەک لە ساڵی 2011 تاوەکوو ئیستا  زیاتر لە 353 ملیار یۆرۆ هاوکاری بۆ سووریا دابین کردووە.

دلاوەر ئاژگەی ئاماژەشی دا، لەبارەی بنیادنانەوەی سووریا ئەویان پرسێکی سیاسییە و مرۆیی نییە بۆیە دەبێت بە گوێری مەرجەکانی یەکیتیی ئەورووپا بێت.

لەبارەی بنیادنانەوەی سووریا بریارە لە کۆتایی ئەم ساڵ کۆنفرانسێک بە بەشداریی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دراوسێ لە سووریا بکرێت.