ترەمپ: ئێران سەرچاوەی هێرشی حووسییەکانە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆنالد ترەمپ ڕایگەیاند: ئێران بە چەکی پێشکەوتوو و زانیاریی هەواڵگریی هاوکاریی حووسییەکان دەکات.

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لەمەودوا هەر گوللەیەک لەلایه‌ن حووسییەکان بتەقێندرێت، وەکوو ئەوە وایە لەلایەن ئێران و سەرکردەکانی تەقێنرابێت، بۆیە ئێران بەتەواوی لێی بەرپرسیار دەبێت و سزا دەدرێت، سزاكانیش تۆقێنەر و سەخت دەبن.

دۆنالد ترەمپ دەشڵێت: ئێران بە چەکی پێشکەوتوو و زانیاریی هەواڵگریی هاوکاریی حووسییەکان دەکات و بە هەموو توانامانەوە ڕووبەڕووی هێرشی حووسییەکان دەبینەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو هێرشی حووسییەکان بە چەکی ئێرانی کراون و تاران ناتوانێت چاوبەستیان بکات.

هەر لەدوای تویتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند: دۆنالد ترەمپ فەرمانی سەربازیی یەکلاکەرەوەی دژی حووسییەکان دەر کرد.

شەممە 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: فەرمانم بە سوپای ئەمەریکا کرد هێرشێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز بکەنە سەر حووسیەکان لە یەمەن، چونکە بە درێژایی ئەو ماوەیە بەردەوام هێرشی کردووتە سەر کەشتی، درۆن و فڕۆکەکانی ئەمەریکا.