ئیسرائیل: لە هێرشەکانمان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبین

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، هێرشەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت و هێرشە ئاسمانییەکانیش زیاتر فراوانتر دەبێت.
ئەو بەرپرسە پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس و بەرپرسانی باڵای ناو سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە و لە هەموو ناوچەکان جێگیر کراوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە هەڕەشەی لە حەماس کرد، ئەگەر هەموو ئەو بارمتانەی لە دەستیاندایە ئازاد نەکات.
کاتز گوتی: ئێمە گەڕاینەوە بۆ شەڕ، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و هەڕەشەکانی دژی سەربازانی ئیسرائیل.
ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات، دەرگاکانی دۆزەخ لەسەر غەززە دەکرێنەوە.
یسرائیل ڕایگەیاند "ئەو هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر غەززە دەستی پێ کرد "لە دوای دووبارە ڕەتکردنەوەی حەماسەوە دێت بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی ڕاگیراون." ئەمەش هەڕەشە لە بزووتنەوەی فەڵەستین دەکات بە هێرشی توندتر لە داهاتوودا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بە ڕەتکردنەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ڕەتکردنەوەی هەموو پێشنیارەکانی ئاگربەست، سوپای وڵاتەکەی ڕاسپاردووە "کردەوەی بەهێز" دژی حەماس لە غەززە بگرنەبەر.
نووسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لەمەودوا بە زیادکردنی هێزی سەربازیی دژی حەماس مامەڵە دەکات.
بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاند، ئیسرائیل 35 ناوچەی بۆمباران کردووە. هەروەها تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل زیاتر لە 200 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 350 کەسی دیکەش بریندارن.