حووسییەکانی یەمەن: لە 48 کاتژمێری ڕابردوو سێیەم هێرشمان کردە سەر ئەمەریکا
حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، لە 48 کاتژمێری ڕابردوو بۆ سێیەم جار هێرشیان کردووتە کەشتییەکانی ئەمەریکا، لە بەرانبەردا ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، حووسییەکانی یەمەن لە کەناڵی تێلێگرام ڕایانگەیاند، بە دوو مووشەک و دوو درۆنه هێرشیان کردووتە سەر کەشتی USS Harry S. Truman لە دەریای سوور.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایانگەیاند "حووسیەکان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، بۆ ئەو کارەش ناسراوەن، بەتایبەت لە کەمکردنەوەی ئەنجامی هێرشەکانمان بۆ سەر پێگەکانی ئەوان."
بەرپرسانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکاش ڕایانگەیاند، قورسە باوەڕ بەوە بکرێت ئەو هێرشە لەلایەن حووسییەکانەوە کرابێت لە کاتێکدا زیاتر لە 100 مووشەکیان ئامانجەکانیان نەپێکاوە.
میدیاکانی یەمەن بڵاویان کردووەتەوە، لە دژی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەمەریکا، هەزاران کەس لە سەنعا هاتوونەتە سەر شەقام و دروشمی 'مردن بۆ ئەمەریکا، مردن بۆ ئیسرائیل' دەڵێنەوە.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نووسیبووی "فەرمانم بە سوپای ئەمەریکا کرد هێرشێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز بکەنە سەر حووسیەکان لە یەمەن، چونکە بە دڕێژای ئەو ماوەیە بە بەردەوامی هێرشیان کردووتە سەر کەشتی، درۆن و فڕۆکەکانی ئەمەریکا."
ئەنیس ئەسبەحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان ڕایگەیاند "ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە گەیشتووەتە 53 کەس و 98 دیکەش بریندارن کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵن و ژمارەکەش لە زیاد بووندایە."
بزووتنەوەی ئەنسارڵلای یەمەن (حووسییەکان) ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکایی یو ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییە جەنگییەکانی دیکەی ئەمەریکا لە باکووری دەریای سوور.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، بۆ دووەم جار لە ماوەی 24 کاتژمێردا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان، لە باکووری دەریای سوور.