دوای نۆ مانگ دوو کەشتیوانی ئاسمانی گەڕێندرانەوە سەر زەوی

دوای نۆ مانگ گیرخواردن لە بۆشایی ئاسمان، دوو لە کەشتیوانە ئاسمانییەکانی ئاژانسی ناسای ئەمەریکا، بە هاوکاری ئیلۆن مەسک دۆزرانەوە و گەڕانەوە بۆ زەوی.
ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند، لە ڕێگەی کەشتی سپەیس ئێکس دراگۆن، دوو کەشتیوان بە ناوەکانی سۆنیتا ولیامز و بەتچ ویلمۆر دوای نۆ مانگ ونبوون لە بۆشایی ئاسمان دۆزرانەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئادار 2025 لە کەناراوەکانی فلۆریدا نیشتنەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەشیداوە، ئەو دوو کەشتیوانە لە ئێستا بەدواوە ئەرک و هەوڵیان بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئاوێتەبوونەوەیە لەگەڵ ژینگەی زەوی.
دکتۆر کریستۆفەر مەیسن، پرۆفیسۆری سەنتەری پزیشکی ویل کۆرنێل بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، بەهۆی مانەوەیان بۆ ماوەیەک زۆر لە بۆشایی ئاسمان، ئەم دوو کەشتیوانە جەستەیان گۆڕانی بەسەر داهاتووە، سیستەمی بەرگری جەستەیان گۆڕاوە و بە ژینگەی دەرەوەی زەوی ڕاهاتووە.
هاوکات مەیسن ئاماژەشیدا، مانەوە لە بۆشایی ئاسماندا دەبێتە هۆی درێژبوونی باڵا و لاوازی جەستە.
کەشتی سپەیس ئێکس دراگۆن، سەربە کۆمپانیای سپەیس ئێکسە و خاوەنداریەتییەکەی بۆ ئیلۆن مەسک دەگەڕێتەوە.
لەوبارەیەوە مەسک سوپاسی تیمەکانی سپەیس ئێکس و ستافی ئاژانسی ناسای کرد و گوتی: پیرۆزبایان لێدەکەم بۆ ئەو کارە نایابەی کردیان، ئێستا ئەو دوو کەشتیوانە ئاسمانییە بە سەڵامەتی گەشتوونەتەوە ماڵەکانیان.
ڕزگارکردنی ئەو دوو کەشتیوانە بۆ ترەمپ ڕەهەندێکی سیاسی هەبوو، بۆیە لەوبارەیەوە گوتی: بە ئیلۆن مەسکم گوت بچێت و ئەو دوو کەشتیوانە ئازایە بدۆزێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە، کە لەلایەن ئیدارەی بایدن فەرامۆش کراون.
پرۆسەی نیشتنەوەی ئەو دوو کەشتیوانە بە هاوکاری تیمی نۆ، بە فەرماندەی نیک هاگ و گەردوونناسێکی ڕووسی ئەلێکساندەر گۆربونۆڤ جێبەجێکراوە، کە نزیکەی 17 کاتژمێری خایاند.
ئەمەش لە کاتێکدایە، گەشتەکەیان لە مانگی ئایاری 2024 دەستی پێکرد و بڕیاربوو هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە ئاژانسی ناسا، کەشتیوانەکان لە بۆشایی ئاسمان ون بوون و گیریانخوارد.