عادل عەبدولمەهدی بە نهێنی سەردانی حووسیەکانی یەمەنی کرد

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، سەردانی حووسیەکانی یەمەنی کرد.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، عەبدولمەهدی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتیی بە ئامانجی کەم کردنەوەی گرژییەکانی دەریای سوور، بە نهێنی گەیشتووەتە شاری سەنعا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، عەبدولمەهدی، پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی بۆ لای حووسییەکان پێبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەڵمەتە سەربازییە چڕەکانی ئەمەریکا  بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەستیان پێ کرد.

عەبدولڕەحمان ئەهنومی، سەرکردەیەکی حووسییەکان لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەیی ئێکس، بڵاوی کردووەتەوە کە عەبدولمەهدی لە شاری سەنعا پیشان دەدات. بەڵام میدیاکانی سەر بە حووسییەکان، لە بەرامبەر سەردانەکەیدا بێدەنگ بوون.

ڕۆیتەرز، پێشتر پەیامێکی ئێرانی بۆ حووسییەکان ئاشکرا کردبوو، کە لە ڕێگەی نوێنەری ئەو گرووپە لە تاران گەیەنرابوو و پێشنیازی کەمکردنەوەی هێرشەکانی لە دەریای سوور، تێدا بوو.

بەرەبەیانی پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیان کردەوە، بەردەوام دەبن لە ڕێگریی لە کەشتییە ئیسرائیلییەکان تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکانی دەوەستێت و ئیسرائیل گەمارۆی سەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە هەڵدەگرێت.

ئێران، ترسی ئەوەی هەیە دووچاری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ببێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکان دژی بریکارەکانی ناوچەکەدا دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ساڵی 2023.