عێراق شانەی قەیرانی بۆ چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا پێکهێنا

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، شانەی قەیرانی ئاسایشی نیشتمانی پێک هێنرا کە ئەرکی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریایە.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، دامەزراندنی ئەم شانەیە، بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەیە کە لە سنووری عێراق و سووریا هاتووەتە کایە، ئەمە جگە لە بوونی گرووپە چەکدارەکان کە کۆنترۆڵی هەندێک لە شارەکانی نزیک ئەو سنوورەیان کردووە.

سەرچاوەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، شانەکە پێک هاتووە کە لە 'سابت محەممەد عەباس، وەزیری بەرگری، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، حەمید شەتری، سەرۆکی هەواڵگری، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و یاسین حوجێمی، بەرپرسی کاروباری عێراق لە دیمەشق.  شانەکە لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، کار دەکات. 

سەرچاوەکە گوتیشی: پێکهێنانی شانەکە لە وەڵامی چەند هۆیەکدا بووە، دیارترینیان سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریایە کە زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هەروەها ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی کە هەن، بەتایبەت کۆچی نایاسایی و قاچاخچییەتی. 

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە "هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا لەبەردەم ململانێی نێوخۆیی ئاڵۆزدان، وەک ململانێی سوننە و شیعە لە عێراق و قەیرانی ناوخۆی سووریا، ئەمەش دەرگای دەستێوەردانی دەرەکی و قۆستنەوەی ئەو دۆخانە بەڕووی وڵاتانی ناوچەیی و دەرەوە دەکاتەوە."

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، ئەسعەد شەیبانی، کە لە 14ـی ئادار سەردانی بەغدای کردبوو، تاوتوێی ئاستەنگە ئەمنییە هاوبەشیەکانیان کرد؛ فوئاد حوسێن، دووپاتی کردەوە، کە ژووری ئۆپەراسیۆنی پێنج کەسی بەم زووانە پێک دەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپەکە چەکدارەکان.