ئەمەریکا و بەریتانیا و کەنەدا دەکەونە بەر هێرشی رووسیا
جەنگی بەرهەمهێنانی ڤاکسین تووندر دەبێت
K24- هەولێر:
ئەمەریکا، کەنەدا و بەریتانیا بڵاویانکردەوە، هاککەرەکانی رووسیا کە سەر بە هەواڵگیریی ئەو وڵاتەن، هەوڵی دزینی زانیارییەکان لەبارەی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەدەن.
ئەو هاککەرانە کە بە ''ئەی پی تی 29'' ناسراون دەیانەوێت لە رێگای ناردنی “ماڵوێر” زانیارییەکان دزە پێبکەن.
دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێک هۆشداریی داوە و دەڵێت، ئەوە مایەی قبووڵ نییە هەوڵگیریی رووسیا ئەوانە دەکاتە ئامانج خەریکی جەنگی دژ بە کۆرۆنان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا هەندێک خەریکی کاری خۆپەرستانەی خۆیانن، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە دۆزینەوە ڤاکسین و پاراستنی سەلامەتی جیهان.
پێشتر هەمان گروپ، زانیاری وەزارەت و هەواڵگیریی ئەمەریکای دزە پێکردووە و کار لەسەر دزینی زانیارییە نهێنییەکانی ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات.
لای خۆیەوە رووسیا رەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی لەو جۆرەی ئەنجام دابێت.
دوو کۆمپانیای بواری دەرمانی ئەمەریکا و بەریتانیا، سەرکەوتنیان لە قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا راگەیاندووە و جیهان ئۆمێدێکی بۆ درووستبووە کە لە چەند مانگی داهاتوو، ڤاکسینەکە بە تەواوی بەرهەم بێت.
NBCNews