دووشەممەی داهاتوو ڕووسیا و ئەمەریکا لە سعوودیە کۆ دەبنەوە

یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی، یوری ئوشاکۆڤ ڕایدهگهیهنێت، بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمهریکا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە سعوودیە تاوتوێی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەن.
پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، یوری ئوکشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: دووشەممەی داهاتوو، 24ـی ئاداری 2025، بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەربارەی دۆخی ئۆکرانیا کۆ دەبنەوە و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ دەکەن.
یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا زانیاریی لەبارەی ئەو بەرپرسانە بڵاو نەکردووەتەوە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
ئەمە دووەمین دیدار دەبێت لە نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکا لە سعوودیە و دوای كۆبوونهوهكهیان لە 18ـی شوباتدا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا.
هەر ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا كۆبوونهوهكهی بە هەنگاوێکی گرنگ و ئهرێنی وەسف کرد.
سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە کۆشکی درعییە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوە چوو.
شاندەکەی ئەمەریکا پێک هاتبوو لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندەکەی ڕووسیاش پێکهاتبوو لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و یوری ئۆشاکۆف، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، هاوکات شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.