ئیمارات بە بڕی تریلیۆنێك و 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکادا دەکات

لە ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتیمانیی ئیمارات و سەرۆکی ئەمەریکا  ڕێککەوتن کە ئیمارات بە بڕی یەک تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکادا بکات.

هەینی 21ـی ئاداری 2025، کۆشکی سپی لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو، شاندێکی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی شێخ تەحنوون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتیمانیی ئیمارات، سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ بووەوە.

بو گوێره‌ی ڕاگەیندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئیمارات بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بڕی یەک تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکادا بکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە، وەبەرهێنانەکان ئابووریی ئەمەریکا بە شێوەییەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی ژێرخانی زیرەکی دەستکرد، وزە و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی دیکە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە نەکردووە چۆن وەبەرهێنانی ئیمارات دەگاتە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە پلانەکان بڵاو کراونەتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێک بڵاو کردووەتەوە، سندوقی وەبەرهێنانی ئیماراتی ADQ بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای کاپیتال پارتنەرز کە کۆمپانیایەکی وزەیه‌ و بنکەکەی لە ئەمەریکایە، دەستپێشخەرییەکی 25 ملیار دۆلاریان ئیمزا کردووە بۆ وەبەرهێنانی ژێرخانی وزە و ناوەندەکانی داتا.

XRG لقی کۆمپانیای نەوتی ئیماراتی بۆ وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی ADNOC، دووپاتی کردەوە پشتگیری لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی غازی سروشتیی ئەمەریکا بکات لەڕێگەی لە دامەزراوەی NextDecade بۆ وەبەرهێنان و هەناردەکردنی غازی سروشتیی شلکراوی لە تەکساس.

هەروەها بەگوێرەی سەرچاوەکە کۆمپانیاکان پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە ماددە کیمیاییەکان، ژێرخانی وزە و چارەسەرە کەم کاربۆنییەکان، غازی سروشتی ئەمەریکادا بکەن.