تورکیا: هێرشبەرانی سەر کونسوڵخانەی عێراق دەدەینە دادگا

ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، کەسانی نەناسراوی بە سواری ماتۆڕسایکل، تەقەیان لە کونسوڵخانەی گشتیی عێراق لە ئیستەنبوڵ کردووە.

شەممە، 22ـی ئاداری 2025، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، ڕووداوی تەقەکردنەکە لە کونسوڵخانەی گشتی عێراق، هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.

گوتیشی: هێزە ئەمنییەکان بە وردی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران بەردەوامە و دەدرێنە دادگا.

کەچەلی، پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکە پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی دا، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی عێراق لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ و غازی عەنتاب.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کونسوڵخانەکەیان لە ئیستانبوڵ کەوتووەتە بەر هێرشی چەکداری و تەقە لە باڵەخانەکە کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد "کاتژمێر 9:00ـی شەوی هەینی، کەسانی نەناسراو هەشت گولـلەیان ئاراستەی باڵەخانەی کونسوڵخانەی عێراق لە ئیستەنبوڵ کردووە."

 
Fly Erbil Advertisment