سوپاسالاری ئیسرائیل: بەتوندی وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی لوبنان دەدەینەوە

سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت: بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکیانە دەدەینەوە کە لە لوبنانەوە کراونەتە سەرمان.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، جەنەراڵ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ بەرەبەیانی کرانە سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست بۆ ئەوەی تاوتوێی توندترین وەڵام بۆ ئەو هێرشانە بکەن.
لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل، بەرپرسیارەتی ڕێزگرتن لە ئاگربەستی خستە ئەستۆی لوبنان کە لە 27ـی تشرینی دووەمەوە لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانی ئیمزا کردووە.
دوای ئەو بەیاننامەیەی ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی لوبنان نەواف سەلام، باسی ئەو مەترسیانەی کرد کە وڵاتەکەیان بۆ شەڕ ڕادەکێشێت دوای ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێو خاکی لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل.
نەواف سەلام، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی دەستی بە جەنگەکە کردووە لە سنووری باشوور، مەترسییەکانی شەڕێکی نوێی لە وڵات نزیک کردەوە و بەرپرسیارەتی ئەو شەڕە لە ئەستۆی ئەوان دایە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆک وەزیران پەیوەندیی بە وەزیری بەرگریی کردووە بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارێکی ئەمنیی پیویست بگرنە بەر. دەشڵێت: ئەوە دەوڵەتە بژاردە لەنێوان شەڕ و ئاشتیدا دەکات.