وەزیری وزەی ئیسرائیل: پێویستە لەناو جەرگەی بەیروت بدەین

ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیارێکی ڕاستی داوە بۆ مانەوە لە خاکی لوبناندا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هێرشێکی بەهێز بۆ سەر چەند شوێنێکی لوبنان دەکات.

کۆهین دەڵێت: داوای پێداچوونەوەی گشتگیر لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەم و پێموایە پێویستە نەک تەنیا لە باشووری لوبنان، بەڵکو پێویستە لە سەرتاسەری لوبنان و ناوجەرگەی بەیروتیش، وەڵاممان هەبێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێرانیش، کۆهین، ئاماژەی بەوەدا ئیسرائیل لە هەماهەنگی تەواودایە لەگەڵ ئەمەریکا "ئێران هۆی هەموو پشێوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە بڕیار لەلایەن ئەمەریکاوە و ئیسرائیل هەیە. هەروەها ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وادەی بۆ ئێران دیاریی کردووە."

ئەوەشی خستە ڕوو، پێویستە بەڕوونی ئاماژە بەوە بدەین کە ناوچەکەمان، واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی نائارامیی بەردەوام گرفتارە. هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ بکەم، لەدوای دەستبەکاربوونییەوە هەڵمەتێکی دژی حووسیەکان دەست پێ کردووە. پێشتر هەڵمەتی لەو جۆرەمان  نەدیوە، هەڵمەتێکە کە لەناو جەرگەی حووسیەکان دەدات.

سەبارەت بە غەززە،  کۆهین ڕایگەیاند "حەماس جار و بار هەڵە دەکات. قەدری ئیرادەمان نازانێت، بۆیە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، هێرشێکمان دەست پێ کرد کە زیاتر لە 500 تیرۆریستمان کوشت. ئێمە گەمارۆی لۆجستیمان سەپاند و هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکانمان ڕاگرت."