ئەمەریکا خەڵاتە داراییەکانی بۆ کوشتنی بەرپرسانی باڵای تاڵیبان هەڵگرت

کابول دەڵێت، ئەمەریکا خەڵاتە داراییە تەرخانکراوەکانی کوشتنی بەرپرسانی باڵای تاڵیبانی هەڵگرت، لەنێویاندا سیراجددین حەقانی.

بەرپرسانی ویلایەتی کابول، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، ڕایانگەیاند، ئەمەریکا خەڵاتە داراییەکانی لەسەر کوشتنی سێ کەسایەتی باڵای تاڵیبان هەڵگرتووە، لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ، کە هاوکات سەرۆکایەتیی تۆڕێکی بەهێز دەکات کە تاوانبار کراوە بە هێرشە خوێناوییەکانی دژی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پاڵپشتیی دەکرا.

سیراجددین حەقانی، دانی بەوەدا نابوو، پلانی بۆ هێرشکردنە سەر هۆتێل سێرینا لە کابول لە مانگی یەکی ساڵی 2008 داناوە،  ئەوەی بووە هۆی کوشتنی شەش کەس، لەنێویاندا تۆر دەیڤد هێسلا، کە هاوڵاتییەکی ئەمەریکایی بوو.

عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەمەریکا ئەو خەڵاتە داراییانەی هەڵوەشاندەوە کە بۆ کوشتنی حەقانی و عەبدولعەزیز حەقانی و یەحیا حەقانی تەرخان کرابوو. قانى بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسى گوت: ئەم سێ کەسە دوو برا و ئامۆزایەکن.

تۆڕی حەقانی، دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لە ساڵی 2001بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە کوشندەترین قۆڵەکانی تاڵیبان دادەنران.

گرووپەکە، بە چاندنی بۆمبی کەناری ڕێگاکان هێڕش و تەقینەوەی خۆکوژی و هێرشی دیکەیان دەکرد، لەوانە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی هیندستان و ئەمەریکا و کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان و ئامانجە سەرەکییەکانی دیکە. هەروەها پەیوەندییان بە زەوتکردن و ڕفاندن و چالاکییە تاوانکارییەکانی دیکەوە هەبووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، زاکیر جەلالی، ڕایگەیاند، ئازادکردنی جۆرج گلێزمان، زیندانیی ئەمەریکی لەلایەن تاڵیبانەوە لە ڕۆژی هەینی و لابردنی خەڵاتەکان دەری دەخات "هەردوو لایەن لە کاریگەرییەکانی قۆناغی جەنگ تێدەپەڕن و هەنگاوی بنیاتنەر دەگرنەبەر بۆ خۆشکردنی ڕێگە بۆ پێشکەوتن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا."

جەلالی گوتی: پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی ئەفغانستان و ئەمەریکا نموونەیەکی باشن بۆ پەیوەندی پراگماتیک و واقیعی نێوان هەردوو حکوومەت.