سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخرایەوە و کەسێکی دیکە لە شوێنی دانرا

سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە (ڕاست) و سەرۆکی دوورخراوە (چەپ)
سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە (ڕاست) و سەرۆکی دوورخراوە (چەپ)

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، متمانەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەندەوە و کەسێکی نوێی بۆ ئەو پۆستە هەڵبژارد. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عمر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە هۆی 'خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن' بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە کروی سەندەوە، چونکە ئەندامان لە وەڵامەکانی ناوبراو بۆ پرسیارەکانیان ناڕازیبوون. 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دوای دوورخستنەوەی کروی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردەوە؛ نزار حامد هەیبی، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەکە هەڵبژێردرا. 

عمر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵە لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم."