رۆحانی ژمارەی راستەقینەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران ئاشکرا دەکات
ژمارەکان زۆر زیاترن لەوەی راگەیەندراوە
K24- هەولێر:
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی جیاواز لەبارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات.
رۆحانی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئێمە بڕوامان وایە 25 ملیۆن کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکەین، 30 بۆ 35 ملیۆن کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە ببن، لەگەڵ ئەوەش تاوەکو ئێستا بەرگری بەکۆمەڵ دروست نەبووە بۆیە ناچارین یەکبگرین و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەهێڵین.
ئەم قسانەی رۆحانی لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، 271 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی خێرا ڤایرۆسەکەی تێدا بڵابووەوە، هەندێک لە پزیشکانیش ئاماژەیان بەوە دەکرد، ژمارەی راستەقینەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە لەوەی بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
France24