تەندروستیی غەززە: ژمارەی قوربانییان گەیشتە نزیکهی 160 هەزار کەس

وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند لەوهتهی 7ـی ئۆكتۆبهری 2023ـوه تاوەکوو ئێستا ژمارەی قوربانیانی شەڕەکە به كورژراو و بریندار، گەیشتووهته نزیک 160 هەزار کەس.
یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025، وەزارەتی تەندروستیی غەززە، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تییدا ڕایگەیاندووه، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سهر كهرتهكه لانی کەم 41 فەڵەستینی گیانیان سپاردووە، بەمەش بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا ژمارەی قوربانییان گەیشتە 50 هەزار و 21 کەس.
هەروەها ئاماژەشی دا، هەر ئەمڕۆ 61 برینداری دیکە گواستراوەنەتهوه نەخۆشخانە، بەمەش ژمارەی بریندارەکان گەیشتووهتە 113 هەزار و 274 کەس.
لە ڕاگەیندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە سەدان کەس لە ژێر داروپەردوی باڵاخانەکانی بە جێماوەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا لە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل له بەربەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، بۆ سەر کەرتی غەززە 700 کەس گیانیان سپارد و زیاتر لە هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگی بڕیاری دەستگیکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆوڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکرد.