لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 51 فەڵەستینی کوژران

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، سەرچاوە پزیشکییەکان کوژرانی 51 فەڵەستینییان لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە، پشتڕاست کردۆتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ماڵێک لە شەقامی مەنسوورە لە گەڕەکی شوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە.

تۆپخانەکانی ئیسرائیل دەوروبەری وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە بەیت لاهیایان تۆپباران کرد، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بە هێرشی زەمینی و فڕۆکە هێرشیان کردە سەر غەززە و ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون.

هەروەها تۆپخانەکانی ئیسرائیل باکوور و کەمپی نوسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە تۆپباران کرد.

لە باشوور، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە 25 هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی خان یونس و کەمپی ئاوارەکان و ژمارەیەک فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.