وەزیری نەوتی فیدراڵ: ئێران ویستوویەتی نەوتەکەی بە ناوی عێراقەوە بفرۆشێت

وەزیری نەوتی فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت: ئێران ویستوویەتی بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە، نەوتەکەی بە ناوی عێراقەوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بفرۆشێت. 

یەکشەممە، 23-03-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (العراقية) باسی لە پرسی تێوەگلانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) لە بەقاچاخ هەناردەکردنی نەوتی ئێران و ئەگەری سزادانی کۆمپانیاکە لەلایەن ئەمەریکاوە، کرد. 

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند "هێزی دەریایی ئەمەریکا دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانیدا گرتووە و هەندێک بەڵگەنامەیان تێدا دۆزیوەتەوە بەوەی نەوتەکە عێراقییە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕاستیدا نەوتەکە هی ئێران بووە."

حەیان عەبدولغەنی، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "پاشان دەرکەوتووە ئەو بەڵگەنامانە ساختەن. ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییانە بەڵگەنامەکانیان ساختە کردووە، بۆ ئەوەی نەوتەکە بە ناوی عێراقەوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بفرۆشن."

بە گوتەی عەبدولغەنی "بەرپرسانی عێراق لەبارەی ئەو پرسە، قسەیان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە، بەغدا هیچ پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە نییە. هاوکات لایەنی ئەمەریکیش لە وردەکاریی پرسەکە تێگەیشتوون."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زانیاری لەسەر تێوەگلانی کۆمپانیای سۆمۆ لە هەناردەکردن و قاچاخکردنی نەوتی ئێراندا بڵاو ببووەوە، سۆمۆش تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە.