بەرپرسێکی عێراقی: زیاتر لە دوو هەزار تیرۆریستی عێراقی لە سووریا هەن و بونەتە هەڕەشە

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح، بەناوی عودەی عەبدولهادی، ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار تیرۆریستی بە ڕەگەز عێراقی لە سووریا هەن و سەر بە چەند ڕێکخراوێکی توندڕەون، ئەمانەش بوونەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ عێراق.
عودەی عەبدولهادی، لە لێدوانێکیدا بە میدیایەکی ناوخۆی گوت: دوای ئازادکردنی شارەکانی عێراق، بەتایبەت لە ڕۆژئاوای وڵات تاوەکوو گەیشتە نەینەوا و ناوچەکانی دیکە، ژمارەیەک سەرکردە و چەکدارانی داعش چوونەتە سووریا، دواتریش لەگەڵ هەزاران چەکدارانی بیانی دیکەی داعش لە کەمپی هۆل، جێگیر کراون.
ڕوونیشی کردەوە "ئێستا چالاکییەکانی داعش لەچەند ناوچەیەکی سووریا زیادیان کردووە، بەتایبەتی لە بیابانی حمس و دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە. بۆیە، هەوڵەکانی حکوومەت و ئاسایشی سنووری عێراقی لەگەڵ سووریا بڕیارێکی ژیرانەیە و ئێمە پشتیوانیی لێ دەکەین، هەروەها دەبێت لە ئامادەباشیدا بین بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی هەر ئالنگارییەکی ئەمنی."
عودەی گوتیشی: کارتی تیرۆر، وەک یەکێک لەو کارتانە دەمێنێتەوە، کە لەلایەن هەندێک دەزگای هەواڵگری نێودەوڵەتییەوە بەکار دەهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەمەش بەهۆی سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی ئاسایشی وڵاتان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ.