کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد

بە سەرۆکایەتی مەحموود مەشهەدانی، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ کرد.
دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بە سەرۆکایەتی مەحموود مەشهەدانی و ئامادەبوونی 170 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەکەوە، پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی لەناو ئەجێندای کۆبوونەوەکەدایە و بڕیارە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
پرۆژەیاساکە لە 18 ماددە پێکهاتووە و تێیدا ڕێکخستەنەوەی حەشد، مۆڵەت، دەرماڵە، پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینی لەخۆ دەگرێت.
پەرلەمانی عێراق نزیکەی دوو مانگە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ دەرێت لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی سیستەمی هەوڵەکان.
سیستەمی هەوڵەکان بریتییە لە؛ ئەو قوتابییانەی کە پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە وانەیەک یان دوو وانە دەرنەچوونە، بە دەرنەچوو هەژمار ناکرێن و دەتوانن ساڵی داهاتوو بەبێ ئەوەی دەوام بکەن تەنیا بەشداریی لە تاقیکردنەوەی کۆتایی دوو وانەکە بکەن.