بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە کەناراوەکانی نیوزلەندای دا

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەمەریکا، ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.8 پلە لە کەناراوەکانی دوورگەی سەرەکی باشووری نیوزلەندای داوە.

ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمەریکی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کم و نزیکەی 100 کم لە دوورگەی باشوورەوە ڕووی داوە.

ناوەندی بوومەلەرزەکە 160 کم لە نزیکترین گوندی دانیشتووی دوورگەی باشوورەوە دوورە.

ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمەریکا سەرەتا گوڕی بومەلەرزەکەی بەپلەی 7 بە پێوەرەکانی ڕێختەر خەمڵاندووە، پێش ئەوەی پلەکەی بۆ 6.8 و دواتر بۆ 6.7 دابەزێنێت.

لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا هیچ هۆشدارییەکی تسونامی نەدراوە.

ناوەندی هۆشداریی تسونامی ئۆقیانووس هێمن ڕایگەیاندووە "بە پشتبەستن بە هەموو زانیارییەکانی بەردەست، ئەم بوومەلەرزە هیچ مەترسییەکی بۆ دروستبوونی تسونامی نییە."

 دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزاریی نیوزلەندا داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە، خۆیان لە چوونە کەنار دەریاکان بەدوور بگرن بەهۆی مەترسییەکانی "شەپۆلی بەهێز و نائاسایی."