دەرهێنەری فلیمی No Other Land لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل دەستگیر کراوە
یەکێک لە ستافی ئامادەکارانی فلیمی No Other Land لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل دەستگیر کراوە بە تۆمەتی ئەوەی بەردی گرتووەتە هێزەکانیان.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، لیا تسێمێل، پارێزەری حەمدان بالال، یەکێک لە ستافی ئامادەکارانی فلیمی No Other Land کە خاوەن خەڵاتی ئۆسکارە و باس لە دۆخی فەڵەستین دەکات، ڕایگەیاند "حەمدان بالال، لە گوندی سوسیا، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیر کراوە."
لیا تسێمێل، ئاماژەشی داوە تا ئێستا نەیتوانیوە قسە لەگەڵ حەمدان بالال بکات، هێزەکانی ئیسرائیل بە لیا تسێمێلیان ڕاگەیاندووە کە حەمدان، لە یەکێک لە بنکە سەربازیەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگریت.
بازل ئەدرا، ئەندامێکی دیکەی ستافی ئامادەکارانی فیلمەکە، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیتێد پرێسی ڕایگەیاند، لەوەتەی فیلمەکەمان خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرتووە، بەردەوام هێرشمان دەکرێتە سەر، لەوانە ئەمە وەکوو تۆڵەسەندنەوە وابێت بۆ ئەوان.
هاوکات سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، سێ فەلەستینییان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بەردیان لە هێزەکانیان گرتووە و دەستگیرکراوەکانیش بۆ لێپرسینەوە ڕادەستی پۆلیسی ئیسرائیل کراون.
دووشەممە، 03-03-2025، ڕێوڕەسمی 97ـەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، لە شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا بەڕێوە چوو.
فیلمی "نۆ ئەزەر لاند" کە باسی دۆخی فەڵەستین و ئیسرائیلییەکان دەکات، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتەری بردەوە.
دووشەممە 3ـی ئادار 2025، میکی زوهار، وەزیری ڕۆشنبیریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بەهۆی ئەوەی، فیلمی "نۆ ئەزەر لاند" خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتەری بردەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە "بە داخەوەم بۆ سینەمای جیهان کە ئەو خەڵاتەیان بەو فیلمە بەخشیوە، چونکە وێنەیەکی ناشرین لەبارەی ئیسرائیل بە جیهان پیشان دەدات.