کڕینی فڕۆکەی F-35 تەوەرێکی گفتوگۆکانی فیدان دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەچێتە واشنتن و لەگەڵ هاوتا ئەمەریکاییەکەی و چەندان بەرپرسی دیکە کۆ دەبێتەوە. 

ئاژانسی فەرمی هەواڵی تورکیا (ئەنادۆڵو) لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردووەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، ڕۆژانی 25-26ـی ئادار، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە واشنتن. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لەو سەردانەیدا فیدان، لەگەڵ ماکرۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیایە بۆ واشنتن لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمەریکا. ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ئاماژەی بەوەش کردووە "پێشبینی دەکرێت ئەو هەنگاوە ستراتیجییانەی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا-ئەمەریکا دەنرێن، لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانەی لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر ئاستی سەرۆک دەکرێن، تاوتوێ بکرێن."

باس لەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکاندا سەرلەنوێ گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی کڕینی فڕۆکەی F-35 و پێویستی هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکانی دابینکردن لە پیشەسازی بەرگرییدا،  پێشهاتە هەرێمییەکانی جێ بایەخی هەردوو وڵات، لەوانە دۆخی ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی سووریا و دەرفەتەکانی هاریکاریی پەیوەست بەوانە، گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.