زەنگی چوونەژوورەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لێدرا

بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، زەنگی چوونە ژوورەوەی کۆبوونەوەکە لێدرا.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، هەرچەندە بڕیاربوو کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی ئەمشەو کاتژمێر هەشت دەست پێبکات، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی بۆ ماوەیەکی کورت دواخرا، بەڵام ئێستا بڕیارە کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت و زەنگی چوونەژوورەرەوە لێدرا و بە گوێرەی کارنامەکە بێت، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەک چوارمین پارێزگا لە هەرێمی کوردستان. 

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەری دواخراوە. 

هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوتی: هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان ناڕەزایی لەسەر ناوەڕۆکی کارنامەی دانیشتنەکە نیشان نەداوە و هیوادارین ئەمشەو مژدەیەکی خۆش بدەینە خەڵکی هەڵەبجە و بیکەینە پارێزگای هەڵەبجە.

لەم بارەیەوە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار لە کافتریای پەرلەمان خەریکی سەیرکردنی یاری هەڵبژاردەی عێراقن و نەچوونەتە نێو هۆڵی کۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوە دا، جگە لە فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە سووننی و شیعییەکانیش دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نین.