هاکان فیدان و مارکۆ ڕۆبیۆ کۆبوونەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی تورکیا، گەیشتە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی کۆبووەوە، بە پێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی یەکپارچەیی خاکی سووریا و  گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی کڕینی فڕۆکەی F-35 و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە ئەمەریکا و لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ، هاوتا ئەمەریکییەکەی پێشوازیی لێ کرا.

ئاژانسی ئەنادۆڵو ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و ئۆکرانیا تاوتوێ کرا، هەروەها باسیان لە  ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا فیدان جەختی لەسەر پشتیوانیی تورکیا بۆ سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە، هەروەها باسیان لە گرنگی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا کرد.

بە پێی ئاژانسەکە، فیدان و ڕوبیۆ گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگییەکانی هەردوو وڵات لە شەڕی دژی داعش کرد و جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆستییەکان کردەوە.

لەبارەی غەززەوە، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە، هەروەها جەختی لە ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاش کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی کڕینی فڕۆکەی F-35 و پێویستی هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکانی دابینکردن لە پیشەسازی بەرگرییدا کراوە.