دارستانەکانی کۆریای باشوور بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیانێکی زۆری پێکەوتووە

دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، ڕایانگەیاند، بەهۆی زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، زیانێکی زۆری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووە و تێیدا 18 کەس گیانیان سپاردووە.

دەسەڵاتدارانی کۆریا دەشڵێن: ماوەی پێنج ڕۆژە هەزاران ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

بەرپرسێکی وەزارەتی ئەمنیی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان 18 کەس گیانیان سپاردووە"، هەروەها "شەش کەس بە سەختی برینداربوون و 13 کەسی دیکەش برینەکانیان سووک بووە".

لای خۆیەوە، هان داک سوو، سەرۆکی بە وەکالەت ڕایگەیاند "ئاگرکەوتنەوەکان زیانێکی زۆریان گەیاندووە بە کۆریا و بڵێسەی ئاگرەکە ئەوەندە زۆرە پێشبینی ناکرێت."

هان دەڵێت: ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بۆ پێنجەمین ڕۆژ لەسەریەک لە ئولسان و ناوچەی گیۆنگسانگ بەردەوامە، زیانێکی زۆری گەیاندووە بە ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان و ئاژەڵانی ناوچەکە." 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرکەوتنەوەکە بە شێوەیەک فراوانتر دەبێت کە پێشبینیکردنی ناکرێت".

سەرۆکی کاتی ڕایگەیاند "حکوومەت بڕیاری داوە چارەی ئەم دۆخە کارەساتبارە بکات."