دەرهێنەری فلیمی دۆکیۆمێنتری غەززە ئازاد کرا

بازل ئەدرا، دەرهێنەر و ئەندامێکی ستافی ئامادەکارانی فلیمی  No Other Land، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنە ئازادبوونی هاوکارەکەی حەمدان بالال بڵاو کردووەتەوە.

حەمدان بالال، یەکێکە لە ستافی ئامادەکارانی فلیمی No Other Land  کە براوەی خەڵاتی ئۆسکارە و باس لە دۆخی گەلی فەڵەستین دەکات، دوای ئازادبوونی بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بوومە خاوەنی ئۆسکار، پێشبینی ئەوەم نەدەکرد بەمشێوەیە پەلامار بدرێم.

سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ڕۆژی دووشەممە لە باشووری کەنارەواکانی ڕۆژئاوای فەڵەستین، سێ کەسیان بە تاوانی هێرشکردن و بە بەرد پەلاماردنی هێزە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل دەستگیرکردووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە هەر سێ کەسەکەیان بەرداوە، کە فەڵەستینین.

یوڤاڵ ئەبراهیم، ئەندامێکی دیکەی ستافی ئامادەکارانی دۆکیۆمێنترییەکە ڕایگەیاندووە، حەمدان بالال بەشێوەیەک پەلامار دراوە چەند شوێنێکی جەستەی بریندارکراوە.

دووشەممە، 03ی ئاداری 2025، ڕێوڕەسمی 97ـەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، لە شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا بەڕێوە چوو، چەندین فیلم و دەرهێنەر و ئەکتەر خەڵات کران، لە نێویاندا فیلمی "نۆ ئەزەر لاند" کە باسی دۆخی فەڵەستین و ئیسرائیلییەکان دەکات، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتری پێدرا.

دووشەممە 3ـی ئادار 2025، میکی زوهار، وەزیری ڕۆشنبیریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بەهۆی ئەوەی، فیلمی "نۆ ئەزەر لاند" خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیومێنتەری بردەوە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە "بە داخەوەم بۆ سینەمای جیهان کە ئەو خەڵاتەیان بەو فیلمە بەخشیوە، چونکە وێنەیەکی ناشرین لەبارەی ئیسرائیل بە جیهان پیشان دەدات.