پەرلەمانتارێک: 100 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بندیوارن

کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: 100 پەرلەمنتاری عێراق بندیوارن و بە دەگمەن بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکەن، ئەمەش وایکردووە زۆربەی جار ڕێژەیی یاسایی تەواو نەبێت. 

شەوی ڕابردوو (سێشەممە، 25-03-2025)، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-03-2025، دواخرا. 

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمان، یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و فەڵەستینەوە بووە، چونکە بەشێک لە پەرلەمانتاران، لە کافتریای پەرلەمان سەیری یاریان کرد و ئامادە نەبوون بچنە هۆڵی کۆبوونەوە." 

بە گوتەی ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان "لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق نزیکەی 100 ئەندامی بندیواری هەبووە. هەرچەندە کۆی گشتیی ژمارەی پەرلەمانتاران 329 کەسە، بەڵام تەنها لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا ڕێژەیی یاسایی ئامادەبووان گەیشتووەتە 200 کەس. زۆرینەی جار تەنها 170 بۆ 180 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکان دەبن. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش پێشتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم چەندەی پشتڕاست کردووەتەوە."

شێروان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەو 100 پەرلەمانتارە ناوی بندیواریان دەکەوێتە سەر، چونکە کاتێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای زۆر گرنگ دەکرێت یان دەنگیان لەسەر دەدرێت، ئەوان لە ماڵ پاڵ کەوتوون و تەنانەت لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنیشیەوە سەیری کۆبوونەوەکان ناکەن. ئەرکی سەرەکیی خۆیان کە یاسادانان و چاودێریی کاروبارەکانی حکوومەتە، جێبەجێ ناکەن و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەوی خەڵک ناکەن."