سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی گەیاندە پەرلەمانی بەریتانیا

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی

سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی گەیاندە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و چەند وەزیرێکی ئەو وڵاتە.

بۆ دووەم ساڵ، لێندسی هام، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا، لە ماڵەکەی خۆیدا بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی و چەندان وەزیر و ئەندام پەرلەمانی بەریتانی و بەرپرسانی پارتە کوردییەکان و ژمارەیەک لە ڕەوەندی کوردستانی، ڕێوڕەسمێکی بۆ ئاهەنگی نەورۆز ڕێک خست.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، شیفا بارزانی، پیرۆزبایی و سڵاوی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز گەیاندە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە، دووپاتی ئەوەی کردەوە، نەورۆز بۆ  کورد تەنها جەژن نییە، بەڵکو ئاماژەی نوێبوونەوەیە، واتای سەرکەوتنە بەسەر زوڵم و زۆرداری وەک چۆن سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا.

لە بەشێکی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، ئاماژەی بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کوردی لەو چوارچێوەیەدا کرد، داوای کرد وەک چۆن بەریتانیا لە نەورۆزدا هاوبەشی خۆشییەکانیان دەکات، پشتیوانیی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستانیش بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان و چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووری ئەو وڵاتانەی دابەشیان کردوون، بکات.