له شەوی قەدر 150 بوتڵ خوێن بەخشرا

بەبۆنەی شەوی قەدر کۆمەڵەی خوێن بەخشان لەشاری هەولێر 150بوتڵ خوێن بەخشییە بانکی خوێن و ساڵی ڕابردووش 70 هەزار بوتڵ خوێن بەخشراوەتە ئەو بانکە.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، د. سانع ئەبابەکر، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی ههولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمشەو بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان و شەوی قەدرەوە، هەڵمەتی خوێنبەخشین بەڕێوە دەچێت، ماوەی دوو ساڵە لە مانگی ڕەمەزاندا داوای هیچ خوێنمان نەکردووە، چونکە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان بڕی خوێنی پێویستیمان وەرگرتبوو.
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی ههولێر گوتیشی: ئەمە یەکەمین هەڵمەتی خوێن بەخشینە لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، کە 150بوتڵ خوێنە.
دەربارەی کەمیی خوێن لە بانکی خوێنی هەولێر، سانع ئەبابەکر، ئاماژەی بەوە کرد، بەهەماهەنگیی لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی خوێن بەخشین، کێشەی کەمی خوێنمان نییە و لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەکیش ڕاستەوخۆ لەڕێگای ئاگادارکردنەوەکانمان خوێنبەخشان بەدەنگمانەوە دێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی خوێنی هەولێر، تەنیا ساڵی ڕابردوو 2024، بڕی 70هەزار بوتڵی خوێن بەو بانکە دراون.