شەش کەس بە تاوانی قاچاخچێتیی بە یۆرانیۆم 10 ساڵ زیندانی دەکرێن
دادگایەکی بەغدا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژمارەیەک تاوانباردا سەپاند، بەهۆی هەڵگرتن و دەستاودەستپێکردنی یۆرانیۆمی تیشکدەری مەترسیدارەوە بە ئامانجی فرۆشتن و بازرگانیکردن پێوەی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە بەغدا بڕیاری سزادانی بە 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ شەش تاوانبار دەرکردووە، لە نێویاندا ئافرەتێک هەیە، ئەمەش بەهۆی تاوانی هەڵگرتن و دەستاودەستپێکردنی یۆرانیۆمی تیشکدەری زۆر مەترسیدار بە ئامانجی فرۆشتن و بازرگانیکردن پێوەی.
لە راگەیەنراوەکەدا روونیش کراوەتەوە، سزاکە بەپێی بڕگەی (27 / دووەم / ب) لە یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکدەری، کیمیایی و بایۆلۆجی ژمارە یەک بۆ ساڵی 2024 و بە پشتبەستن بە بڕگەکانی هاوبەشیکردن، ژمارە 47، 48 و 49 لە یاسای سزادانی عێراقی بەسەر تاوانباراندا سەپێنراوە.
ئەم بڕیارە دادوەرییە لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوودا هەنگاوەکانی عێراق بۆ چاودێریکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان و رێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ئەتۆمی چڕتر بوونەتەوە.
لە 5ی تشرینی دووەمی 2026، فازڵ حاوی مزبان، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکدەری، کیمیایی و بایۆلۆجی، رایگەیاند، عێراق لە رێگەی ژووری فریاکەوتنی ناوەندی و تۆڕەکانی چاودێری و هۆشداریی پێشوەختەی سەر سنوورەکان کە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بەستراونەتەوە، رێکارە تەکنیکی و خۆپارێزییەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بارێکی لەناکاوی ئەتۆمی یان تیشکدەری لە ناوچەکەدا گرتووەتە بەر.
هاوکات لە 3ی ئەیلوولی 2026ـیشدا حامد مووسەوی، پەرلەمانتاری عێراق، داوای لێکۆڵینەوەی خێرای لە چەند دۆسیەیەکی پاراستنی تیشکدەری و پیسبوونی ژینگەیی لە پارێزگای بابل کردبوو.