لەفڕۆکەخانەی بڕۆکسل زیاتر لە 400 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشیرینی دووەمی 2026، فڕۆکەخانەی بروکسل سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان کاتژمێر 7ـی بەیانی تا 9ـی شەوی هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکە بەهۆی مانگرتنی چاودێرانی هاتوچۆی ئاسمانییەوە دراوە.
مانگرتنەکە بە بەشداریی نزیکەی 60%ـی چاودێرانی هاتوچۆی ئاسمانی بەڕێوەدەچێت، کارمەندان لە رێگەی ئەم مانگرتنەوە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی پاشەکەوتکردن و چاکسازییە ئابوورییەکانی حکوومەتی بەلجیکا دەردەبڕن.
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانێکی سەندیکایی نیشتمانیدایە و چەندین کەرت، لەوانە پەروەردە و گواستنەوەی گشتی دەگرێتەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ 429 گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدرێت کە نزیکەی 59,500 سەرنشینیان دەگواستەوە، بەڵام زۆرینەی ئەو گەشتانە هەڵوەشێندرانەوە، راگەیاندنی ئەم بڕیارە ئێوارەی شەممە، واتە کەمتر لە 36 کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی پەککەوتنەکە بوو.
ئەم دۆخە کاردانەوە و رەخنەی توندی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی شارلێڕۆی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە، "سکایز"ـی تۆمەتبار کرد بەوەی گرنگی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، سەرنشینان و کارمەندان نادات.
لە بەرامبەردا "سکایز" جەختیکردەوە، ئەوان کەمترین ئاستی خزمەتگوزارییان بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان و ئەو گەشتانەی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی پێویستن پاراستووە، ئەو دەزگایە ئەوەی خستەڕوو، سەلامەتیی ئاسمانی یەکەمین بەرپرسیارێتیی ئەوانە.
فڕۆکەخانەی بروکسل داوای لە سەرنشینان کرد بەر لەوەی روو لە فڕۆکەخانە بکەن، راستەوخۆ لە رێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە دڵنیایی لە باری گەشتەکانیان بدەن. داواکارییەکە لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت گواستنەوەی گشتی تووشی پەککەوتن ببێت.