برای سەرکردەی حووسییەکان و کۆمەڵێک سەرکردەی دیکە کوژران

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، عەقید وەزاح ئەلدبیش، گوتەبێژی فەرمیی هێزە هاوبەشەکانی یەمەن ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا، عەبدولخالق بەدرەددین حووسی، برای عەبدولمەلیک حووسی، کە فەرماندەی هەرێمی سەربازیی ناوەڕاست بوو، کوژرا.
گوتەبێژی هێزە هاوبەشەکانی یەمەن، لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، بارەگای یانەی وەرزشی ئەهلی لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کرا، لە ئەنجامدا سەرۆک ئەرکانی حووسییەکان، محەممەد عەبدولکەریم ئەلغەمەری و فەرماندەی هێزی دەریایی مەنسور ئەحمەد سەعدی، کوژران.
ئەلدبیش گوتیشی: لە ناوچەی ئەلجرافی ڕۆژئاوا، لە باشووری سەنعا، لیوا عامر ئەلمەرانی، پارێزگاری پێشووی ئەلجەوف، موقەدەم ئەبو یەحیا ئەلشاوش، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئەحمەد مرفەق، سەرۆکی لیژنەی کڕیینی ئۆتۆمبێلی سەربازی، کوژران.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش دا، لە زنجیرە هێرشەکانی دوێنێدا، لیوا جەرفان، بەرپرسی ئەمنی پاسەوانانی عەبدولمەلیک حووسی، حەسەن سەلاح ئەلمەرانی، بەرپرسی چاودێری وەزارەتە مەدەنییەکان لە نووسینگەی سەرکردەی حووسیەکان و عەبدولعەزیز ئەلرازیحی، بەرپرسی ئاسایشی لە پارێزگای سەعدە کوژران.
ئەلدبیش باسی لەوەش کردووە، حەوت فەرماندەی سەربازی و مەیدانی حووسییەکان کوژراون، لەوانە عەبدە عەلی هیلالی، عەبدولعەزیز ناجی و عەلی ساڵح حەباری.
سەبارەت بە هێرشەکانی ناوچەکانی سەر دەریای سوور، ئەلدبیش جەختی کردەوە، مەنسوور سەعدی فەرماندەی هێزی دەریایی حووسییەکان لەگەڵ نۆ کەسی دیکە کوژراوە، جگە لە فەرماندە مەیدانییەکانی دیکە، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی ژمارەی کوژراو و بریندارانی حووسیەکان نزیکەی 150 کەس بووە.
لای خۆیەوە پێگەی 'دیفانس لاین' کە تایبەتە بە کاروباری سەربازی یەمەن و ناوچەکە، ئاشکرای کرد، چارەنووسی چەند سەرکردەیەکی حووسیەکان کە بەرپرسن لە سیستەمی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تا ئێستا ناڕوونە، لەوانە عەبدولحەفیز هیلالی و ئەبو عەقیل کە بەرپرسی لۆجستیکی سیستەمەکەیە.
پلاتفۆرمەکە هەروەها پشتڕاستی کردۆتەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندی فەرماندەییەکانی حووسییەکانیان بووە، لەکاتێکدا بەرپرسانی سیستەمی مووشەکی لەوێ بوون و لە ئەنجامدا شارەزا و تەکنیکارانی چەکی پێشکەوتوو لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای یەمەن کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە میدیاکان لەلایەن حوسییەکانەوە ڕەش کراونەتەوە.