سۆمۆ: عێراق چوارەم وڵاتی هەرە دەوڵەمەندی یەدەگی نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا

کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کردووە، عێراق چوارەم وڵاتی هەرە دەوڵەمەندی یەدەگی نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا کە تواناکەی 145 ملیار بەرمیلە.
کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کردووە، نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دەفرۆشرێت. عێراق هەوڵیشی داوە دەرفەت بداتە کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوت بەشداریی مەزادەکان بکەن بۆ کڕینی نەوتی عێراق بەپێی ئەو مەرجانەی پێشووتر ڕاگەیاندراوە.
سۆمۆ ڕایگەیاندووە، عێراق پێگەی پێنجەم وڵاتانی جیهانی وەرگرتووە لە بەرهەمهێنانی نەوت کە ڕۆژانە 4.24 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، بەمەش بووەتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت دوای سعوودییە لە ڕێکخراوی ئۆپێک، لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە چوارەم دەوڵەندترین وڵات لە یەدەگی نەوت، کە نزیکەی 145 ملیار بەرمیلە.
ئەو سەرچاوە سروشتییەی عێراق کە لەسەر ئاستی جیهاندا پڕ بەهایە، نەبووەتە خۆی خۆشگوزارەنی بۆ خەڵکی عێراق، بەشێوەیەک، زۆرینەی ناوچەکانی عێراق بە دەست کەمیی خزمەتگوزاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان گیرۆدەن، سەرباری بێکاریی و نەبوونی دەرفەتەکانی بونیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق.
ناوەندی داتا و توێژینەوە و پلانی عێراقی ئاشکرای کردووە، عێراق هێشتا بەدەست کێشەی لاوازی کۆمەڵایەتیەوە گیرۆدەیە و ڕووبەڕووی نائارامیی کۆمەڵایەتی و بۆشایی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت دەبێتەوە.
دەڵێت: هەندێک لەو کێشانە دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری پاراستنی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، کەمی دەرفەتی کار، زیادبوونی فشارەکان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، نایەکسانی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی خوێندن، زیادبوونی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها کۆچی بەهرەمەندان و خاوەن بڕوانامەکان.
ناوەندەکە، ئاماژە بەوەش دەکات، ناتوانرێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئاستەنگە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە ئەنجامی بەرزی یان نزمی نرخی نەوت و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار،لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ هەیە.
ئەمە سەرباری ئەوەی چەند ساڵێکە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، کێشە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و بوودجەی پێویستی کوردستان نانێرێت، هەموو ئەو هەوڵانەش لەپێناو ئەوەدا بوونە پێشکەوتنەکانی کوردستان سست ببن و کۆتاییان بێت.