نەزاکەت حوسێن: کاری لە پێشینەی حکوومەت پێویستە بۆ ڕێکخستنی ژینگەی کاری میدیایی بێت

نەزاکەت حوسێن
نەزاکەت حوسێن

مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، تاکوو ژینگەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ڕێک نەخرێت، ژینگەی سیاسی و ئابووریش سەقامگیر نابن.

پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، نەزاکەت حوسێن، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری ڕاگەیاندن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند " بڕیارەکەی داواکاری گشتیی سلێمانی بۆ قەدەغەکردنی ڕووماڵی ڕووداوی کوشتن بە باش دەبینم." دەشڵێت: لای ئێمە لە کوردستان، ڕاگەیاندن پێش ئەوەی دادگا بڕیار بدات، بێ هیچ پرەنسیپێک، تەواوی ڕووداوەکە دەخەنە بەرچاوی خەڵک، بەر لە دادگا، کەیسەکان یەکلا دەکەنەوە. 

ئەو هەروا دەڵێت: بڵاوکردنەوەی ڕووداوەکانی کوشتن پێچەوانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانییە، دەبێت ڕووداوەکانی تاوان لە چوارچێوەی ئیتیکی میدیایی بڵاو بکرێنەوە، ئێمە تێبینیمان لەسەر شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن هەیە.

پرۆفیسۆر نەزاکەت حوسێن، ئاماژەی بەوە کرد "ژینگەی میدیایی، شێوازیی کارکردنی میدیا، ڕێوشوێنی کارکردنی میدیا و ناوەڕۆکی ئیشکردنی میدیا لە هەرێمی کوردستان، هەمووی پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە.  پێویستە میدیا لە هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی هەبێت و بەرپرس بێت لە ڕێکخستنی کاری میدیا بە هەبوونی یاسایەک بۆ میدیای کلاسیک و نوێ."

پرۆفیسۆر نەزاکەت حوسێن، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕێکخستنی ناوەڕۆکی میدیایی نییە؛ دەبێت یەک لە کارە لە پێشینەکانی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکوومەت، ڕێکخستنی ژینگەی کاری میدیایی بێت لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر ژینگەی میدیایی ڕێک نەخرێت، ژینگەی سیاسی و ئابووریش سەقامگیر نابن، بە نموونەش جاری وا هەیە، بە تەنها هەواڵێک بازاڕ دەشێوێت، کاریگەریی لە ژینگەی پەروەردە و خوێندنیش دەکات.

دوێنێ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی نووسراێکی بە ژمارە (6/505) دەرکرد و کۆپییەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە و تێیدا هاتووە: ئاشکرایە زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ڕووماڵی ڕووداو و تاوانی کوشتن دەکەن، لە کاتێکدا هێشتا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن.

ڕەخنەیەکی دیکەی سەرۆکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی لە میدیاکان ئەوەیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری کوژراوەکان دەکەن، ئەمەش جگە لەوەی بە تاوان هەژمار دەکرێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت.

هەروەها داوا دەکات سەرجەم کەناڵەکان پابەند بکرێن تا خۆیان لە ڕووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرن، ئەگەر نا، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕێکاری یاساییان بەرانبەر هەر کەناڵ و میدیایەک دەگرێتەبەر ئەگەر ڕووماڵی ئەو جۆرە هەواڵانە بکەن.