ئەپیکور لە ڕێکار و هەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ناڕازییە

گوتەبێژی ئەپیکور ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت و، ھەوڵ دەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت.
هەینی 28ـی ئاداری 2025، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی فێدراڵ بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانمان و بوودجەی عێراق.
گوتەبێژی ئەپیکور، دەڵێت: ئەمڕۆ بۆمان ڕوونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت.
مایڵز کاگینز جەختی لەوە کردەوە، ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق قبوڵکراو نین و، ئەپیکور ئامادە نییە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکات، تا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت و تێدا رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوزای وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و داھاتووش.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دوا کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بوو.