ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: هۆکاری پچڕانی ئینتەرنێتی سووریا تورکیا بووە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "هۆکاری پچڕانی ئینتەرنێتی سووریا تورکیا بووە گوێ لە پەیوەندییەکانی سووریا گرتووە."
سەرچاوەیەکی تایبەت بە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە کە پچڕانی ئینتەرنێت لە ڕۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025دا لە سووریا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە تەکنیکییە سیستماتیکییەکان بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە کراوە، کە بریتی بووە لە دانانی ئامێری گوێگرتن لەسەر تاوەرەکانی پەیوەندییەکانی سووریا.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، ئامانجی ئەم هەنگاوە چاودێریکردنی هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی و داتاکانی ئاڵوگۆڕکردنە لە چوارچێوەی خاکی سووریادا، ئەمەش نیگەرانی ڕژدی لەبارەی پێشێلکردن و پەرەسەندنی هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی، چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و فەرمانبەرانی گشتیی.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، پچڕانی لەناکاوی پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری سووریا، هاوکات بووە لەگەڵ هەنگاوەکانی تورکیا بۆ دانانی ئامێری پێشکەوتووی گوێگرتن لە ژێرخانی تۆڕەکانی سووریا، خزمەتگوزارییەکەی بۆ چەند کاتژمێرێک پەکخستووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵی هاککردنی سێرڤەرەکانی سووریا تۆمار بکرێت، بەڵام دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا ئەمجارە نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی ڕژد دەکات لە پێشێلکردنی سەروەری دیجیتاڵی وڵاتەکە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە چالاکوانان و خەڵکی سڤیل لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و داوایان لێدەکات: یەکەم: بەکارهێنانی بەرنامە کۆدکراوەکان، وەک سیگناڵ یان واتسئەپ، لەگەڵ کۆدکردنی کۆتایی کارا بکرێت بۆ پاراستنی گفتوگۆکان.
دووەم: چالاککردنی خزمەتگوزاری VPN: لەکاتی گەڕان بە ئینتەرنێتدا، بۆ شاردنەوەی ئایپی خۆت و ڕێگریکردن لە شوێنپێهەڵگرتنی چالاکیی دیجیتاڵی.
سێیەم: دوور بکەوەرەوە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی و کورتەنامە ئاساییەکان چونکە بە شێوەیەکی لاواز پارێزراون و ئاسانە بۆ ڕێگریکردن.
چوارەم: ڕێکخستنەکانی پاراستنی نهێنی لە هەموو ئەو بەرنامانەی کە بەکاردەهێنرێن بپشکنە، و جار جار نوێیان بکەنەوە.
ئەم ئاشکراکردنە لە کاتێکدایە گرژییە ناوچەییەکان بەرەو هەڵکشان دەچێت، تورکیا هەوڵدەدات بۆشاییە ئەمنییەکان بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی کاریگەریی خۆی لەو ناوچانەی کۆنترۆڵی دەکات. هەروەها ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز نیازی تورکیا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە بەشی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە ئاشکرا کردووە.
هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی. داوای پێکهێنانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد، بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە. هەروەها هۆشداریی دەدات لە دەرئەنجامەکانی کەمتەرخەمی لە پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی خەڵکی مەدەنی، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی دووبارە بە ئامانجکردنی چالاکوانان و پیشەییەکانی میدیا.
تۆڕی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان ڕۆژی سێشەممە 25ـی ئاداری 2025 پچڕانی بەخۆیەوە بینی کە کاریگەری لەسەر زۆربەی پارێزگاکانی سووریا هەبووە و زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاند، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای سوورییەکان دروستکرد.