ئاگر لە ناوەندی فەرهەنگی و ئەرشیفی دیبەگە کەوتەوە

ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، عەدنان حاجی کاکە، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ناوەندی فەرهەنگی و ئەرشیفی دیبەگە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەستێکی نادیار ئاگری لە ناوەندی فەرهەنگ و ئەرشیفی دیبەگەی بەردا.

دەشڵێت: ئاگرەکە کارەبا نەبووە، چونکە ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە ئاگری لە پەنجەرەی کتێبخانەکەوە فڕیداوەتە ژوورەوە و بەشێکی زۆری کتێبخانەکەی سووتاندووە، زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.

بەرپرسی ناوەندی فەرهەنگی و ئەرشیفی دیبەگە دەشڵێت: شوێنەکە خانوویەکی قووڕە دیکۆمێنت و گەلەری و کتێبی کۆنی تێیدایە کە مێژووی ناوەندی کەندیناوە و دیبەگەیە، 10بۆ 12 ساڵە کاری تێدا دەکەین، بۆ سوود گەیاندن بەو کەسانەی لە زانکۆکان توێژینەوەیان هەیە.

گوتیشی: ئێمە لای خۆمانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئاگر کوژێنەوە و پۆلیس و ئاسایشمان ئاگادار کردووەتەوە، چونکە ئەو کەسەی ئاگری لەو کتێبخانە بەرداوە حەز بە پێشکەوتن و مێژووی پرشنگداری ئەو ناوچە ناکات، لەبەر ئەوەی شوێنەکە شوێنێکی گشتییە بۆ خزمەتکردنی هەمووان بووە.

عەدنان حاجی کاکە ڕاشیگەیاند "ئێستا پۆلیس و ئاسیش لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن بۆ ئەوەی بکەری ئەو ڕووداوە دەستگیر بکەن".