دیاربەکر.. بەهۆی جەژنەوە هۆتێلەکان پڕبوونە لە گەشتیار

لە دیاربەکری باکووری کوردستان، گڕوتینی پێشوازیکردن لە جەژنی ڕەمەزان لە هەموو لایەکەوە دیارە، هیوای زۆر هەیە بەهۆی جەژنەوە شوێنە گەشتیارییەکان جمەیان بێت لە گەشتیار و سەردانیکەران.

شەممە، 29ـی ئاداری 2025، سەردار ئای، خاوەن یەکێک لە هۆتێلەکان لە دیاربەکر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ جەژنی ڕەمەزان ڕێژەی هاتنی گەشتیاران و مانەوەیان لە هۆتێلەکەمان زیاد کردووە و ڕێژەی %80ـی تێپەڕاندووە.

لەلای خۆیانەوە، خاوەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کرد، نرخی گەشتی ناوخۆیی تورکیا زۆرترینی شەش هەزار لیرەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بۆ 19هەزار لیرە زیادی کردووە.

کۆمپانیا گەشتیارییەکان باسیان لەوەش کرد، پێشووتر ڕۆژانە گەشتێک لە دیاربەکرەوە بۆ ئیستانبوڵ بە فڕۆکە دەکرا، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاتنی ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیاران ڕۆژانە سێ گەشت دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی کەمی بلیتی فڕۆکە لەو شارە.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی 500 هەزار گەشتیار بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی دیاربەکریان کرد، بەڵام پێشبێنی دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.