ئه‌حمه‌د شه‌رع: سوورییه‌كان له‌دایكبوونی قۆناغێكی نوێ ده‌بینن

ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی پێكهێنانی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ری سووریا به ئاماده‌بوونی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری ئه‌و وڵاته له دیمه‌شق ده‌ستی پێكرد شه‌رع ڕایگه‌یاند، سوورییه‌كان له‌دایكبوونی قۆناغێكی نوێ ده‌بینن؛ هاوكات ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ش ئاشكرا كرا.
شه‌ممه، 29ـی ئاداری 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا له ڕێوڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی پێكهێنانی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ریدا ڕایگه‌یاند، سوورییه‌كان له سه‌روبه‌ندی قۆناغێكی مێژووییدان له ڕه‌وتی نیشتمانییاندا.
شه‌رع ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مڕۆ به‌شداریی له دامه‌زراندنی ئایینده‌یه‌كی پڕ شكۆدا ده‌كه‌ن و هه‌موو سوورییه‌كان له‌دایكبوونی قۆناغێكی نوێ ده‌بینن.
ئه‌حمه‌د شه‌رع گوتیشی، ڕاگه‌یاندنی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ر، ڕاگه‌یاندنی ئیراده‌ی هاوبه‌شیی سوورییه‌كان بۆ قۆناغه‌كانی داهاتوویان و بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی نوێ و سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز و خاوه‌نی سه‌روه‌ری.
باسی له‌وه‌ش كرد، ئامانجی یه‌كه‌میان بریتییه له دووباره بونیاتنانه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای لێپرسینه‌وه و شه‌فافیه‌ت و پاشانیش پرسه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چاره بكه‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه كار ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌كان و پاشانیش كردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی نوێ له بواری په‌روه‌رده و ته‌ندروستی.
سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا گوتیشی، سه‌رچاوه‌كان مرۆییه‌كان ده‌پارێزن و به‌هێزكردنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و زانكۆكان بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م سه‌رچاوانه. ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، كار ده‌كه‌ن بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی كشتوكاڵ و به‌هێزكردنی ئه‌و كه‌رته و پاشانیش به‌هێزكردن و بونیاتنانه‌وه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازیی و به‌هێزكردنی ده‌ستی ناوخۆیی.
هه‌روه‌ها گوتی، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاسایشیی هه‌موو ناوچه‌كانی سووریا وه‌ربگرنه‌وه و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بنه‌وه و كاری جیددی ده‌كه‌ن بۆ دامه‌زراندنی سوپایه‌كی نیشتمانی و بونیاتنانی په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه.
شه‌رع له گوتاره‌كه‌یدا پێداگریی له‌سه‌ر زاراوه‌ی "عرووبه" كرده‌وه و ڕایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سووریا بكه‌نه دڵی عرووبه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی.
دیارترین وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی حكوومه‌تی ڕاگوزه‌ری سووریا ئه‌مانه‌ن: مه‌زهه‌ر ئالوه‌یس، وه‌زیری داد، محه‌ممه‌د ئه‌بولخه‌یر شوكری، وه‌زیری ئه‌وقاف، ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه، ئه‌نه‌س خیتاب، وه‌زیری ناوخۆ، مورهه‌ف ئه‌بو قه‌سره، وه‌زیری به‌رگری، مه‌روان حه‌له‌بی، وه‌زیری خوێندنی باڵا.