وەزیری ئەوقاف: لێژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاری جەژنی دا
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاری یەکەم ڕۆژی جەژنی دا، هەموو ساڵێک لە هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامی جەژنە و لە هەندێکی دیکە ڕەمەزان بەردەوام دەبێت، هیوادارین ئەو پرسە یەکبخرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئاداری 2025، بەئامادەبوونی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و هاوڵاتییان، مەراسیمی نوێژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە مزگەوتی جەمیلە مەنتک لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، لەو مەراسیمە پیرۆزە ئاینیەدا وێرای پابەند بوون بە دەزگا فەرمی و شەرعییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، موسڵمانان پیرۆزباییان لە یەکتر کرد.
لەبارەی ئەو ناکۆکییەی کەوتە نێو لایەن و دەزگا ئاینییەکانی بەغدا لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکارانی ڕاگەیاند: پرسی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن، بابەتێکی شەرعییە، لێژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاری یەکەم ڕۆژی جەژنی دا، گوتی: بەداخەوە، هەموو ساڵێک لە جەژن، لە بەشێک لە وڵاتانی جەژنە، لە بەشێکی دیکەشدا جەژن نییە، ئومیدەوارین لە ئایندە وای لێبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەک بخرێت.
ڕایگەیاند کە، هەرێمی کوردستان، لێژنەی باڵای بینینی مانگ پشتی بە بەڵگە شەرعییەکان بەستووە، بۆیە ئەم بڕیارەی دا کە ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە.