ئەپیکور: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەدات

ئەپیکور ڕەتی دەکاتەوە، هۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت و دووپاتی دەکاتەوە: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەدات.

دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات."

ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن. 

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق."

 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی، 28-03-2025، ئەپیکور لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "کۆمپانیا نێودەوڵەوتییەکانی نەوت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیان بە گفتوگۆ کرد. ئامانجی کۆبوونەوەکان گەیشتن بوو بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە هاوتەریب و گونجاوبێت لەگەڵ ڕێککەوتنە یاساییەکان و بودجەی عێراق."

ئەپیکور باسی لەوەش کردووە "بۆمان ڕوونبووەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا ڕێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوە یاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت."

کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەی ئەپیکور جەختیان لەوە کردەوە "ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی عێراق قبووڵنەکراون و تاوەکوو پابەندبوونێک لە حکوومەتی عێراقەوە نەبێت، ئامادەنین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین."

لە ئاداری 2023ـەوە، بەهۆی بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە. تاوەکوو ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام بوون.