دەم پارتی و مەهەپە سەردانی یەکتریان کرد
بۆ جاری یەکەم دوو شاندی دەم پارتی و مەهەپە بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکتریان کرد. سکرتێریی گشتیی جەهەپە دەڵێت: هیوادارین ئەم جەژنە دەرگای ئاشتی بەڕووماندا بکاتەوە.
سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ بارەگای مەهەپە
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 31-03-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان، سەردانی بارەگای پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە)ـی کرد.
عەیشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد و لە لایەن زوحەل تۆپچو، جێگری سەرۆکی مەهەپە پێشوازییان لێ کرا.
عەیشەگوڵ دۆغان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە تێڕوانینی جیاوازەوە کۆببنەوە تاوەکوو پێکەوە کار بۆ ئاییندەی وڵات و ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بکەن."
گوتەبێژی دەم پارتی باسی لەوەش کرد "ئێمە ئەم کۆبوونەوەیە زۆر بە گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی جەژنەکانی داهاتوو لە کەشێکی جەژنانەدا بەڕێوە بچن. تورکیا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە. کۆمەڵگەی تورکیا لە شەڕ بێزارە، گەڕان بەدوای ئاشتیدا گرنگە. تورکیا ناتوانێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات".
لەلایەکی دیکەوە زوحەل تۆپچو، جێگری سەرۆکی مەهەپە گوتی: "ئێمە سەردانەکە بە گرنگ دەزانین، بانگەوازی سەرۆکی گشتیمان (باخچەلی) مێژووی سیاسی تورکیای گۆڕی و دەنگی دایەوە. دوای ئەمەش چووینە قۆناغێکی زۆر گرنگەوە، هیوادارم ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، زیاتر لە بەرژەوەندی سیاسی پێویستە بەرژەوەندی تورکیا بێتە پێشەوە. ئەم میللەتە ماندووە. ئێمە پێکەوەژیانی هەزار ساڵەمان هەیە. دەبێت پێکەوە نەریتەکە زیندوو بکەینەوە."
سەردانی شاندی مەهەپە بۆ بارەگای دەم پارتی
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 31-03-2025، شاندێکی مەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئیسمەت بویوکتامان، سکرتێری گشتیی پارتەکە سەردانی بارەگای سەرەکیی دەم پارتییان کرد.
شاندەکەی مەهەپە لە لایەن ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کۆمیسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤ و یوکسەل موتلو، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کۆمیسیۆنی گەلان و بیروباوەڕەکان و حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری بیتلیسی دەم پارتی پێشوازییان لێ کرا.
ئیسمەت بویوکتامان، سکرتێری گشتیی مەهەپە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "زۆر سوپاسی دەم پارتی دەکەین بۆ ئەو پێشوازییەی لێیان کردین. لە بەرنامەماندایە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بکەین بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان. هیوادارین ئەم جەژنە دەرگای ئاشتی بە ڕووماندا بکاتەوە و شەڕ و ناخۆشی لە وڵاتەکەماندا کۆتایی پێ بهێنێت، برایەتیی نێوانمان بەهێزتر بکات و چاوەڕێی ئەو ڕۆژانە دەکەین. سەرۆکی گشتیی جەهەپە ڕێز و پێزانینی جەژنی بۆ ئێوە (دەم پارتی) هەبووە."
هاوکات ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کۆمیسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤ لە میانی پێشوازی لە شاندەکەی مەهەپە، گوتی: "زۆر بەخێربێن و زۆر پێخۆشحاڵ بووین بە سەردانەکەتان. لەم بۆنەیەدا هیوا دەخوازین ئەو هاوڕێیە سیاسەتمەدارانەمان کە زیندانی کراون، ئازاد بکرێن. دەستگیرکردنیان وای لێ کردووین، بە خەمناکی جەژن لە یەکتر پیرۆز بکەین. هیوادارین کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لە تورکیا بونیاتبنرێت و ئاشتی بەرقەڕار بێت."