سوودانی بۆ شەرع: هاتنی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا ڕەت دەکەینەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆک کۆماری سووریای ڕاگەیاند، ئێمە دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلین بۆ سەر خاکی سووریا.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، تێێدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، بۆ پیرۆزبایی کردنی جەژنی ڕەمەزان، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا کرد، هەروەها پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی لە گەلی سووریا کرد و جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە و گوتی: گەلی عێراق پاڵپشتیی بژاردەی گەلی سووریا دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوودانی جەختی لە "گرنگی پرۆسەی سیاسی بە بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان کردەوە و چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی کۆمەڵگەشی، لە پێناوی ئایندەیەکی باش و سەقامگیر بۆ سووریا، بەگرنگ زانی."
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق "هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا ڕەت دەکاتەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریەکەی دووپات کردەوە هەر دەستوەردانێکی دەرەکیشی لە سووریا ڕەت کردەوە."
سوودانی هەروا گوتوویەتی: گرنگە هاوکاریی هاوبەشمان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش، هەروەها دەبێت لە بوارە ئابووریی، هاوکاریی یەکتر بکەین، بەهۆی فاکتەر و دەرفەتی هاوبەشەوە.