لە پارێزگای دیالە ڕۆژانە یەک حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێت

سێشەممە، 1ـی نیسانی 2025، تەندروستی دیالە ڕایگەیاند، ڕۆژانە یەک حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگاکەدا تۆمار دەکرێت.

فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی دیالە بە میدیای ناوخۆی گوت: ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە لە دیالە پێنج هەزاری تێ پەڕاندووە، کە سەرجەمیان ناو و ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆنیان تۆمار کراوە. هەمووشیان کۆرسی دەرمان وەردەگرن.
عەزاوی گوتیشی: هەندێکیان خەڵکی دیالە نین، بەڵکو خەڵکی پارێزگاکانی دراوسێن، بەڵام سەردانی سەنتەری شێرپەنجە دیالە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان.

باسی لەوەش کرد، "بەگشتی لە هەر 24 کاتژمێرێکدا یەک حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە دیالە تۆمار دەکرێت. نیوەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجە بوونە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵییەوەیە، هەربۆیە ڕێژەیەکی بەرچاویان منداڵ و هەرزەکارن."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی دیالە ڕوونی کردەوە "ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات." جەختیشی کردەوە "دەبێت هەوڵی تەواو بدرێت بۆ چارەکردنی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون، بەتایبەتی لە دەستەبەرکردنی دەرمان و بەرنامەکانی چارەکردن، چونکە زۆربەیان لە خێزانە هەژارەکانن."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment