ڕێککەوتن کۆتایی بە ناکۆکییەکانی یانەکانی دهۆک و زاخۆ بێت

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیشانی 2025، لەبارەی ئەو ئاڵۆزیانەی لە یاریی دێربی نێوان هەردوو یانەکە ڕوویدا، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخی نێوان هەردوو یانەکە کردەوە. 

پارێزگاری دهۆک و سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داوایان لە ڕاگەیاندکاران کرد بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ڕووداوانە هەڵسوکەوت بکەن، بۆئەوەی نەبنە هۆی هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی؛ داواشیان بایەخ بە ڕەفتار وهەواڵی ئەو کەسانەش نەدەن، کە دەبنە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی.

لەلایەن خۆیەوە عەلی تەتەر داوای لە دایک و باوکەکان کرد، ئاگاداری منداڵەکانیان بن ڕێگەیان پێنەدەن ببنە هۆی ئاژاوەگێڕی.

گوتشی: لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە کراوە کە بوونەتە هۆی توندوتیژی و پشێوی نانەوە، بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن.

هۆشداریشیدا هەر کەسێک بەردەوام بێت لەو کردەوانەی دەبێتە هۆی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی، لێپرسینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت. 

پارێزگاری دهۆک ڕاشیگەیاند، یانەی دهۆک و زاخۆ هەردووکیان لە یەک ناوچەن، یەکێکیان چاوی چەپە ئەوەدیان چاوی ڕاستە، سەرکەوتنی زاخۆ سەرکەتنی دهۆکە و سەرکەوتنی دهۆکیش سەرکەوتنی زاخۆییە.

ئاماژەشی دا، کە هەردووک یانە لە قۆناغێکی سەرکەتوو دان و ئەنجامەکانیان زۆر باشن، هیواشی خواست کە یانەی دهۆک ببێتە براوەی جامی کەنداو، زاخۆش ببێتە براوەی خوولی عێراق.

دوپاتیشی کردووە کە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هەموو دامودەزگایە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ پشتیوانیکردنی هەردووک یانەکە.

لای خۆیەوە، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەوانەی دەستیان لە ڕوودوەکە هەبووە دەستگیرکراون و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

گوتیشی: بە هاوکاریی و پشتیوانییەکانی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دهۆک و زاخۆ لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنیان بە دەستهێناوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەو دەستکەوتانە بپارێزن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ، داوای لە هەموولایەک کرد دەست لە ناو دەست، کێشەکان چارە بکەن، هەموو هاندەرێک مافی هەیە پشتیوانی یانەکەی بکات، بەڵام دەبێت بە ڕۆحیەتێکی وەرزش دۆستانە بێت.

هاوکات دکتۆر عەبدوڵڵا، سەرۆکی یانەکانی دهۆک گوتی: من لە جیاتی کاپتن مەسعود میراڵ داوای لێبوردن لە هاندەرانی زاخۆ دەکەم بەهۆی لێدوانەکانی، لەو بارەیەوەش کاپتن خۆی ڤیدیۆیەک دروست دەکات و بڵاو دەکاتەوە.

گوتیشی: دەبێت کۆتایی بەو ئاژاوەگێڕیانە بهێنرێن و هیواخوازم یانەی زاخۆ سەرکەتووبێت و چەندین جاریش هاتوومەتە نێو یاریگە و پشتیوانی یانەی زاخۆم کردووە.